١٣ کانونی یەکەم ٢٠١٦ - ١٧:١٦
 ٣٥ هەزار منداڵی ئاوارە لە موسڵ

نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، نزیکەی ٣٥ هەزار منداڵ لە دەستپێکی ئۆپراسیۆنەکانی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵەوە ئاوارەبوون.

نەتەوە یەکگرتووەکان: لە موسڵ ٣٥ هەزار منداڵ ئاوارەبوون-

نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، نزیکەی ٣٥ هەزار منداڵ لە دەستپێکی ئۆپراسیۆنەکانی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵەوە ئاوارەبوون.

بەگوێرەی زانیارییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەو ژمارە منداڵە بەشێکن لەو ٩٣ هەزار و ٥٠٠ هاوڵاتیەی موسڵ، کە لە دەستپێکی ئۆپراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵەوە ئاوارەبوون، بە سەدان هەزار کەسیش هێشتا لە ناوچەکانی ژێر دەستی داعشدان لە موسڵ.

پیتەر هاوکینس نوێنەری یونسێف لە عێراق، بە ئەسۆشیەیتد پرێسی وتووە "منداڵان قوربانیانی بێتاوانی هەر پێکدادانێکن و لەم پێکدادانەشدا بێتاوانترینی قوربانییەکانن".

هاوکینس بە گرنگی زانیوە کە دوای دەرپەڕاندنی داعش لە شارەکە "خزمەتگوزارییەکانی تایبەت بە منداڵان گەشەی پێبدرێت".

لەبارەی ژمارەی ئەو منداڵانەی کە لە موسڵ بەهۆی شەڕی داعشەوە کوژراون، هاوکینس داتا و ئامارێکی تەواوی لا نەبووە، بەڵام ئاماژەی بەوە کردووە کە هەندێک لەو منداڵانەی کە کوژراون بە قەناس کراونەتە ئامانج، لەو بارەیەوە وتوویەتی "ئێمە زانیاریمان هەیە کە ئەو منداڵانەی کە ڕیزیان بەستووە بۆ ئاو بە ئامانج گیراون، ئەم بەیانیە وێنەی منداڵێکم بینی کە لە ڕیزی وەرگرتنی ئاودا بووە و قەناس پێکابووی".